Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:30

له‌ یادی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس عەبدولغەنی عەلی یەحیا دا

زۆر بایەخی بە چاپکردنی کتێبەکانی نەدەدا
کوردستان TV
100%

ئازاد عه‌بدلواحید
پار لە ۲٠۱۹/٦/۲۹ ، هاوڕێی دێرینم نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس عەبدولغەنی عەلی یەحیا کۆچی دوایی کرد . ئەو هاوڕێیەم کە هەر لە ساڵانی حەفتاوە ناسیوە ، ئەو کاتەی ناسیم نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووسێکی بەرچاو بوو ، لە حەفتاکان لەگۆڤاری (الثقافة) کە سەرنووسەرەکەی (د. سەڵاح خاڵص) بوو گۆڤارەکەی بەلای چەپدا دەشکاندەوە ، لەوێ گۆشەیەکی بە ناوبانگی بە ناوی (رسالة کردستان الثقافیة) هەبوو ، کە گۆشەیەک بوو  خوێنەران بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکرد ، ئەو نووسەرە یەکێکە لەو نووسەرە کوردانەی لەگەڵ چەند ناوێکی دی بە زمانی عەرەبی دەیاننووسی کە ئەوانیش ( سامی شۆڕش و سەیفەددین مەحموود و د. عەبدوڵڵا حەداد و د. موحسین محەمەد حوسێن و نزار جەرجیس عەلی و ..) کە نووسینێکی زۆری خۆی بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامە عەرەبییەکانی مووسڵ بڵاو دەکردەوە .

ktv
هەر لە ساڵانی حەفتادا لەگەڵ ( مەدحەت بێخەو ، ناسر یووسف ، د . عەبدوڵڵا حەداد ، یەحیا مەرجان ، حوسام داوود خزر ) ئەندامێکی چالاکی لیژنەی ڕۆشنبیری ، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی هەولێر بوو ، لەبەر ئەوەی بە بەردەوامی یەکترمان دەبینی و زۆربەی جارەکانیش لە گازینۆ (لیالي أربیل) هەندێ جار بە دووقۆڵی و هەندێ جاریش لەگەڵ برادەرانی دی پێکەوە دادەنیشتین ، بۆیە ئاگای لە خوێندنەوە و نووسین و چالاییەکانی من بوو . ساڵی ۱۹۷٦ دوای چاپکردنی کتێبی (ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری) ، هەر ئەو ساڵە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژم لەسەر سێ دیوانە چاپکراوەکەی پەشێو و ئەو شیعرانەی دواتر بڵاوی کردبوونەوە نووسی ، ئەو پێشنیاری کرد ئەو لێکۆڵینەوەیەم بکەمە کۆڕێک ، ئەوە بوو یەکەم کۆڕم لە ۱۹۷٦/۱۱/۱۲ لەبارەی عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر  لە هۆڵی سەندیکای مامۆستایان ، لە سەیداوا گرت ، هەر خۆشی کۆڕەکەی منی پێشکەش کرد ، ئەو کۆڕە کە جەماورێکی زۆری تێدا ئامادە بوو ، سەدایەکی باشی هەبوو ، ئەوە بە پێشنیاری ئەو ساز کرا .

ktv
عەبدولغەنی عەلی یەحیا بێجگە لە خوێندنەوە و ڕۆشنبیرییە ئەدەبییەکەی ، ڕۆشنبیرێکی سیاسیش بوو ، تاقەت و حەوسەڵەیەکی باشی لە نووسین و شیکاریدا هەبوو ، ڕۆژانە لە گۆشەکەی بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامەی (العراق) هەر جارەی لەسەر وڵاتێکی ئەفریقی دەنووسی و لە هەموو ڕوویەکەوە (ئابووری ، مێژوویی ، جوگرافیایی ، سیاسی و ... ) زانیاری دەدایە خوێنەران ، بەمەش دەیویست بە بەردێک دوو نیشان بشکێنێ ، لەلایەک خۆی لە سیاسەتی ڕۆژ بدزێتەوە ، لە لایەکیش چالاکییەکانی ڕانەگرێ و بە قازانجی خوێنەری کورد دەیشکاندەوە .

ktv
ڕاستە عەبدولغەنی عەلی یەحیا کتێبی چاپکراوی زۆری نییە و زۆر بایەخی بە چاپکردنی کتێبەکانی نەدەدا ، بەڵام هەر کاتێک نووسین و وەرگێڕان و کارەکانی کۆبکرێنەوە ، ئەوە دەبێتە خاوەنی کتێبگەلێکی زۆر و کەلێنێکی باش لە کتێبخانەی کوردی پڕ دەکەنەوە .
نووسین و کەسایەتی عەبدولغەنی عەلی یەحیا قسەی زۆر هەڵدەگرن ، کە ئێرە جێگەیان نییە .. لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو قەڵەمە دروود بۆ گیانی دەنێرین ، هیوادارین دەستنووس و نووسینەکانی لە چەند بەرگێکدا کۆبکرێنەوە ، بەمەش دڵنیام گیانی ئاسودە دەبێ .

ktv
سەرنج : وێنە ڕەش و سپییەکان ، فۆتۆگرافەری بە ناوبانگی هەولێر ئەبوو سەباح گرتوونی ، دوا وێنە ئەوەی لە دوورەوە دیارە هونەرمەندی ناسراوی هەولێر عەلی ئەحمەدە کە خەریکی تۆمارکردنی دەنگەکەیە .
له‌ والی فیسبوكی كاك ئازاد وه‌رگیراوه‌
 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.