Erbil 38°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 04:35

ئافرەتیش دەتوانێت

ئەوانەی توانای ئافرەت كەم دەنرخێنن، هیوادارم منداڵی دووبارە بكەنەوە بەبێ دایكیان
کوردستان TV
100%

پارێزەر مریەم عباس برادۆستی
لە جیهاندا هەموو كێبركێی سەركەوتن دەكەن بۆ كار كردن یان گەیشتن بەو خەونەی هەیانە، ئێستا ئەم كێبركێیە تەنیا بۆ پیاو نەماوەتەوە، بەڵكو ئافرەتانیش ئێستا دەچنە نێو ئەو كێبركێیە.
بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو، گەر سەرنج بدەین لە مێژوودا لەسەردەمانی زوو ئافرەت زیاتر لە بواری بازرگانی و خاوەندارییەتی و ئابووری كاری كردووە، بەڵام بەپێی قۆناغ ئافرەت ئەم توانایی لێ زەوت كراو پیاو خۆی بە خاوەنی بازرگانی و موڵكداری ئەزانی، ئافرەتیش دەبێت لە ماڵ بێت، بەڵام لە دونیای ئێستا كە قۆناغی پۆست مۆدێرنەیە دەبینن، ئافرەتیش لە كایەكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و... هتد، نموونەی زیندوون لە سەركەوتووی و بەرپرسیارییەتی كە نموونەی زیندوو هەن، ئێستا لە جیهان ئافرەت سەركردە و خاوەنكار و بەڕێوبەر و فەرماندەی هێزی چەكداری وڵاتەكانیانن، ئافرەتیش دەڵێت من دەتوانم... ئیتر من بە تەنیا ژنی ماڵەوە نیم.
وەك دەبینن لە كۆمەڵگەی خۆمانیش ئافرەت هاتۆتە نێو كایەی بازرگانی و كاركردن بۆ ئەوەی خاوەن كار و خاوەن بازرگانی سەربەخۆبێت، شان بە شانی پیاو، وەك چۆن ئەبینین لە ڕابردوو یەكەمین ئافرەت لە كوردستان (نەجیبە)خانی مەلای گەورە بوو چۆتە بەرخوێندن، هەم لەرووی كۆمەڵایەتییەوە دەستكەوتێكی مێژووییە كە كچە مەلایەك شان بەشانی رەگەزی پیاو بخوێنێت و مافی چینایەتی رەگەز بە دەست بێنێت ، هەم لە رووی زانستیشەوە وەك ئافرەتێك بەشداری لە پێشخستنی كۆمەڵگەی كردووە، ئێستا چەندان نموونەی هاوشانی خاتوو نەجیبەمان هەیە.
بۆیە دەبێت ئافرەت لەو قاڵبە بێتە دەرەوە، بەو پێیەی خاوەن بازرگانی و سەرمایەی خۆی بێت، بۆ باشتركردنی ژیان و دونیا بیننی خۆی شان بەشانی خێزان یا هاوسەرەكەی تا هاوكار بێت، یەكسانی جێندەری لەوەدا زیاتر یەكسان دەبێت كە پیاو و ژن لە كار یا لە هەڵبژاردنی شتەكانی سەربەست بێت، ئێمە كاركردن بە یەكێك لەم نموونانە دادەنێین تا رادەیەك وا دەكات ئەم هاوسەنگییەی جێندەری ڕابگیرێت.
پێویستە لەم عەقلە دۆگمایە بێینە دەرەوە، كە ئافرەت تەنیا ژنی ماڵەوەییە، كە پێمان وایە ئافرەت پێویستی بە كار و پێویستی بە سەربەخۆی داهات نییە، چونكە ئەو خاوەن ماڵ و خاوەن هاوسەرە، ئەو كارەش بۆ هاوسەرەكەیەتی كار بكات و ژنیش تەنیا دەبێت لە ماڵ بێت.
بەڵام ئافرەتیش پێویستی بە كارە و ئافرەتیش خاوەن هێز و بڕیارە هەم دەتوانێ دایك بێت هەم دەتوانێت بازرگان و سەركردەش بێت، بەڵێ گرنگی ئابووری سەربەخۆ بۆ ئافرەت پێویستە و گرنگە، كەم كەس دەتوانێت لەم گرنگییە تێ بگات، چونكە هەم دەتوانێت هاوكار و هاوپشتیوانی هاوسەر و خێزانەكەی بێت، تێیدا هەست بە بوون و هەیبەت و شكۆی خۆی دەكات وەك مرۆڤێك و وەك پیاو.
بۆیە ئەمە كاری پەروەردە و كاری رێكخراو و نێوەندەكانە كە بتوانن هۆشیاری زیاتر بخەنە روو بۆ بەرچاو روونی زیاتر بۆ وشیاری ئافرەتان وەك ئەوەی ببن بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ و كاری تایبەت بەخۆیان.
كاری حوكمەتیشە وەك هێزێكی وەگەر خەر لەتوانای ئافرەت بڕوانێت، كە لە سێكتەرەكاندا بەرپرسیاری زیاتریان پێ بدرێت تا ببێت بە هەوێنی هێز و توانست بۆ كچ و ژنانی تر لە كۆمەڵگە، لە رێگای دەزگای راگەیاند و زانیاری حوكمەتیش زیاتر كار بكرێت لەوەی ئافرەتیش هیچی كەمتر نییە لە پیاو، چونكە لە كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستاش ئەم دیاردەی كاركردنەی لای ئافرەت بەچاوێكی ترەوە سەیر دەكرێت، وەك بلێی لادانە لە رێسا و یاسای داب ونەریتە باوەكانی نێو كۆمەڵگە، بەداخەوە تا ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو ئەم رێگرییە كاڵ نەبۆتەوە لەنێو خێزانی كورد، تا بتوانن رێگر نەبن كچ و هاوسەریان خاوەنكار و خاوەن بیرۆكەی تایبەت بەخۆیان بن. دەبێ كار بۆ هۆشیاری زیاتر بكرێت، پێشنیازی زیاتر بخرێتە روو بۆ حكوومەت بەوەی ڕیفرۆمێكی بەرچاو بكات سەبارەت بەپرسی ئافرەت لە نێو كۆمەڵگە.
نجیب محفوز دەڵێت :" ئەوانەی توانای ئافرەت كەم دەنرخێنن، هیوادارم منداڵی دووبارە بكەنەوە بەبێ دایكیان".
ئەگەر ژنان خۆیان هۆشیار نەكەن و هەوڵی باوەڕ بەخۆبوون و پشتبەست بەخۆیان لە ناخی خۆیاندا دروست نەكەن، ئەوە هەر زوو كاروانی كاركردنیان رێگەكەی لێ پێچەوانە دەبێتەوە و ئاڕاستەكەی بۆ ماڵەوە دەگۆڕێت.
بۆیە هەتا درەنگ نەبووە، دەبێت جولانەوەیەكی رێكخراو دروست ببێت بۆ ئەوەی ئەم هەلە بقۆزێتەوەو باوەڕ و هێزی بەردەوامی و رەوایەتی كاركردن لە مێشكی ژناندا جێگیر بكات و كاركردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵیش، واتە ڕوانین لە كاركردن وەك ئەرك و هەم مافیش ببێتە نەریت و ژنان هۆشیارییان هەبێت لە سەر ئەرك و مافی خۆیان و گرنگی كاركردن و ئابووری سەربەخۆ.

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.