Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 22:25

عەلی کەمال کێیە؟ چۆن کوژرا و هۆکارەکەی چی بوو؟

چ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ بۆریس جۆنسون ى سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوه‌ هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

جارێ بەر لە هەر شتێك دەبێت بزانیت خیانەت چییە؟ لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە بەو كەسە دەوترێت خیانەتكار كە بەرامبەرەكەی باشەیەكی لەگەڵدا دەكات، ئەو بە پێچەوانەوە بە خراپە وەڵامی دەداتەوە. یاخود متمانەی بەرامبەرەكەی بە شێوەیەكی خراپ بەكاردەهێنێت و هیچ قودسییەتێكی كۆمەڵایەتی لەلای بوونی نییە.

بەڵام لەڕووی سیاسییەوە بەو كەسە دەوترێت خائین كە خیانەت لە نیشتیمانەكەی بكات و، هەوڵ بدات رادەستی دوژمنی بكات و مەترسی بۆ سەر نیشتیمانەكەی دروست بكات.
نووسەری دیاری توركیا بە ناوی (ئەردۆغان تۆكماكچیئۆغڵو)، كتێبێكی بەناوی (ئەو كەسایەتییە بەناوبانگە توركانەی خیانەتیان لە نیشتیمان كردووە) بڵاوكردووەتەوە.
ئەو نووسەرە بۆ نووسینی ئەو كتێبە ئیلهامی لە گوتەیەكی (موستەفا كەمال ئەتاتورك) وەرگرتووە كە دەڵێت: ”ئێمە میللەتێكین چەندی قارەمانی زۆرمان تێدا بێت، هێندەی ئەوەش خیانەتكارمان تیدایە“ نووسەر بەدواداچوونی كردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ١٥٠ كەسایەتی ناسراوی توركیا بدۆزێتەوە كە خیانەتیان لە نیشتیمان كردووە.
لەو كتێبەدا دەكرێت نموونەی (عەلی كەمال) وەربگرێن و خوێنەری كوردی لێ ئاگادار بكەینەوە.
عەلی كەمال لە ساڵی ١٩٢٢ كاتێك لە ئیستانبۆڵەوە بە شەمەندەفەر بەرەو ئەنكەرای دەگوازنەوە، لە وێستگەی ئیزمیت خەڵكێكی زۆر چاوەڕێی هاتنی دەكەن و لە دەستی پۆلیس دەریدەهێنن و هاوار دەكەن (لێی بدەن لەو خائینە) لە تەمەنی ٥٥ ساڵی لەژێر دەستی هاووڵاتیان دەكوژرێت و تەرمەكەشی دەشێوێنرێت.
عەلی كەمال سەردەمانێك وەزیری ناوەخۆی توركیا بووە و رۆژنامەنوس و نووسەریش بووە، ئەو كاتێك ئیستانبۆڵ لەژێر مەترسی داگیركاری دەبێت، لە رۆژنامەی سەباحی ئەوكات نووسینەكانی دەخاتە خزمەتی دوژمن و دەیەوێت ئیستانبۆڵ بكەوێت و داگیر بكرێت. هەروەها بە نووسین بە خراپە باسی خاكی توركیا و پادشا و كەسایەتییە سیاسییەكانی دەكات. ئەو یەكێك بووە لەو كەسانەی لە شەڕی رزگاری توركیادا كە ئەتاتورك رێبەرایەتی ئەو شەڕەی كردووە، ئەو پاڵپشتی لە دوژمن كردووە، كاتێكیش توركیا لەو شەڕە دەیباتەوە، ئیدی عەلی كەمال دەستگیر دەكرێت وەكو خائین ناوی دەهێنرێت.
كاتێك دەبرێت بۆ ئەنكەرا بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت، لە ئیزمیت هاووڵاتیان نایەڵن دادگایی بكرێت و بە بۆكس و لێدان دەیكوژن.
ئەو عەلی كەمالە باپیرەی بۆریس سەرۆك وەزیرانی ئێستای بەریتانیایە، بۆیە چەند نووسەرێكی توركیا دەڵێن ئەگەر عەلی كەمال پارەی هەبوایە، ئێستا بۆریس هاووڵاتی تورك دەبوو.
عەلی سەردەمانێك زۆر بێپارە دەبێت، بۆیە هاوسەرە ئینگلیزەكەی و ٢ منداڵی كە كچ و كورێكە دەنێریتە لای داپیرەیان لە بەریتانیا و دەڵێت بە خێویان بكەن و ناتوانم بەخێویان بكەم. كوڕەكەی عەلی كەمال لە بەریتانیا ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێت و كوڕێكی دەبێت بەناوی بۆریس كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا.
من لە ئێوە دەپرسم، ئایە پێویست ناكات ئێمەش لە كتێبێكدا ناوی ئەو خائینانە بنووسین كە خیانەتیان لە نیشتیمان كردووە؟ ئایە چەند كەسایەتی ناسراوی كورد، وەكو ئەندام پەرلەمان و كەسایەتی سیاسی داوا دەكەن قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت و وەكو عەلی كەمال لەرێگەی نووسینەوە بە خراپە باسی كورد دەكەن؟
ئەرێ هەر ئەندام پەرلەمانی كورد نەبوو، داوای دەكرد عێڕاق سوپا بجولێنێت بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستان؟ وەكو خۆم پێم باشە ناوی خائینان بە ئەرشیف بكرێن، ناشكرێت بە ئاسانی خیانەتیان بەسەردا تێپەڕ ببێت بەبێ سزا، بەڵام با نەدرێنە دەستی میللەت، چونكە دڵنیام بە دەردی عەلی كەمال دەبرێن، با دادگا سەروەر بێت.

 

باسنیوز

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.