رێزگرتن گرنگی و پێویستییەكی زۆری هەیە بۆ منداڵەكانمان ، بنەمای ژیانە و سەرەتای زۆر لە بنەماو بەها پیرۆزەكانی دیكەی ژیانە .
هەر كاتێك منداڵ فێركرا و تێگەیشت كە رێزگرتنی بەرامبەر مانای چییە ، ئەوا باشترین ئەندامی كۆمەڵگە دەردەكەون و دەبنە باشترین هاورێ و باشترین سەركردە . فێركردنی منداڵەكەت كە چۆن رێز لە بەرامبەر بگرێت كارێكی ئاسان نییە ، چونكە ئەو بەها كۆمەڵایەتییە شتێك نییە كە پێشكەشی بكەیت ، بەڵكو پێویستە منداڵ خۆی لە ژیانی رۆژانەو هەڵسوكەوتدا فێربێت و وەریبگرێت .
بۆیە پێویستە ئێمە رێز لە منداڵەكانمان بگرین لە مامەڵەو قسەكردن لە گەڵیاندا دواتر داوایان لێبكەین ئەوانیش بەمشێوەیە رێز لە بەرامبەر و كەسانی دەوروبەری خۆیان بگرن . پێویستە لەنێو ماڵەكەت بە رێزەوە لە گەڵ منداڵ قسە بكەیت هەروەك چۆن لە گەڵ كەسێكی غەریب قسە دەكەیت ، بە پلەیەكی كەمتر سەیری منداڵەكەت مەكە و هەموو شتێكی لە بەرچاوی ئەنجام بدەیت .
بۆ نمونە (( بێ زەحمەت - سوپاس )) بەكاربێنە . لە جیاتی ئەوەی ئەمری لە سەر بكەیت پێی بڵێ بێ زەحمەت . بەردەوام رێزی لێبنێ و هانی بدە و لەبەردەم ئەندامانی خێزان ستایشی بكە . هەر كاتێك منداڵ هەڵەیەكی كرد هەلی پێ بدەو بڵێ با لە سەرەتاوە دەستپێبكەین و رێگایەكی تر بكار بهێنە بۆ ئەوەی فێرە رێزگرتن بێت . فێریان بكە كە چۆن رۆڵی سەركردە دەبینن لە رێزگرتندا ، ئەویش لە رێگەی خۆتەوە ، با بتبینن كە چۆن یارمەتی كەسانی گەورە و بەتەمەنەكان دەدەیت و چۆن گرنگی بە مافی خەڵكانی دیكە دەدەیت .
سوهێل تاهیر عەبدولڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.